كه‌ ته‌ڵاقم وه‌رگرت هێـــــشتا كچ بووم

Image

گێڕانه‌وه‌ی: ئارۆس ره‌سوڵ

له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ چاوم بۆ ژیان هه‌ڵهێنا و هۆشم له‌لا دروست بوو، هه‌ر زوو ئه‌وه‌م لا روون بۆوه‌ كه‌ ژیانم به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات. له‌خێزانه‌كه‌ماندا دوو خوشك بووین، دایكم به‌ هۆی رووداوی ئۆتۆمبێل گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌و كاته‌ من هێشتا خوێندنم ته‌واو نه‌كردبوو له‌ پۆلی پێنجی ئاماده‌یی بووم، به‌ مردنی دایكم شیرازه‌ی ژیانمان تێكچوو، هه‌رچۆنێك بوو ئه‌و ساڵه‌م تێپه‌ڕاند. ئێمه‌ سه‌ره‌تا پێمانوابوو كه‌ باوكم بیر له‌ژن هێنان ناكاته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا 4 مانگ خۆی راگرت، رۆژێك به‌من و (نیان)ی وت: ده‌مه‌وێت ژن بهێنم. هه‌ردووكمان تووشی شۆك بووین و پێمان وت باوكه‌ ئێمه‌ رازی نابین، ژنی چی، به‌ڵام باوكم له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی سوڕ بوو، ژنی هێنا. به‌هێنانی ژنی دووه‌م ژیانی من و خوشكه‌كه‌م گۆڕا، ئه‌وه‌ی پێیبوترێت خۆشی له‌ناو خێزانه‌كه‌ماندا نه‌ما. باوه‌ژنه‌كه‌مان زۆر خراپ بوو، رۆژ به‌رۆژیش باوه‌ژنه‌كه‌مان خراپتر ده‌بوو، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ چه‌ند مه‌رجێكی به‌ باوكم وتبو، به‌ڵام باوكم دڵی نه‌هاتبوو پێمان بڵێت، باجیه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ زۆری بۆ هێنابوو، تا رۆژێك له‌رێگه‌ی پورمه‌وه‌ پێیڕاگه‌یاندین كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بچینه‌ ماڵی پوورم، تا كێشه‌كه‌ی خێزانه‌كه‌مان به‌ لایه‌كدا ده‌كه‌وێت. بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ماڵی پوورم ماینه‌وه‌، بێتاقه‌ت بووین بۆیه‌ به‌ باوكمان وت راست و دروست ده‌یه‌وێت چیمان لێبكات ناتوانین به‌و شێوه‌یه‌ بمێنینه‌وه‌، باوكیشم پێیووتین به‌ هاتنه‌وه‌ی ئێوه‌ ژیانم لێ تێكده‌چێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بكرێت بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ ماڵی پوورتان بن، خۆم له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌دا دوو ژوورتان بۆ دروست ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جیا بژین. من رازی بووم، به‌ڵام نیازی خوشكم رازی نه‌بوو. ئه‌م رۆژانه‌ش تێپه‌ڕی و ئه‌و ماوه‌یه‌ی باوكم داوایكرد، له‌ ماڵی پوورم ماینه‌وه‌، من له‌ پۆلی شه‌ش بووم خوێندنم سه‌ختر بوو، ژیانیشمان به‌و ناخۆشییه‌ تێده‌په‌ڕی، سه‌ره‌ڕای ناخۆشییه‌كان پۆلی شه‌شم ته‌واو كرد. نیان له‌ پۆلی چواری ئاماده‌یی بوو وازی له‌ خوێندن هێناو مێردی كرد. به‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانم ناخۆش بوو، نه‌شمده‌توانی رێگر بم له‌م مێردكردنه‌ی، چونكه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ مافی خۆی بوو و داخوازیكه‌ره‌كه‌شی كوڕی پوورم بوو، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خۆشی ده‌یبرد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. به‌هه‌ر ده‌رده‌ سه‌رییه‌ك بێ خوێندنم ته‌واو كرد و له‌ په‌یمانگای مامۆستایان وه‌رگیرام، له‌ نیوه‌ی ساڵی یه‌كه‌مدا، رۆژێك باجیه‌كه‌م بانگی كردم و وتی: – وه‌ره‌ كوڕێكی باش هه‌یه‌ بۆ شووی پێناكه‌یت، وتم ئه‌و كوڕه‌ كێییه‌ و كاری چییه‌؟ وتی: – تۆ هه‌قت نه‌بێت دایكی خۆت بۆت جێبه‌جێ ده‌كات. كه‌مێك دڵم خۆش بوو، به‌ڵام ده‌ترسام تووشی كه‌سێكی خراپم بكات، پاش چه‌ند رۆژێك پێی وتم: ئه‌مڕۆ كوڕه‌كه‌ دێت بۆماڵمان یه‌كتر ببینن، ئه‌ویش مامۆستایه‌ وه‌ك خۆت، برازای خۆمه‌ و كوڕی چاكه‌. ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ ده‌بوو (كاروان) بهاتایه‌ بۆ ماڵمان، نه‌هات بۆ رۆژی دواتر هات، پاش نیوه‌ڕۆیه‌ك بوو هات، هه‌ستم به‌ ئاسووده‌یی ده‌كرد، وتم وا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م داخوازییه‌ سه‌ر ده‌گرێت و به‌ دڵی خۆم ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و رۆژه‌ یه‌كترمان بینی و یه‌كتریشمان به‌ دڵ بوو، نزیكه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك پێكه‌وه‌ دانیشتین قسه‌مان كرد. به‌ رواڵه‌ت كوڕێكی شۆخ و شه‌نگ بوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ گه‌یشته‌ لای باوكم و ئه‌ویش رای منی وه‌رگرت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، كه‌ زانی من به‌دڵمه‌ و پێمخۆشه‌، رازی بوو. هه‌موو لایه‌نه‌كانی مه‌راسیمی هاوسه‌رگیریه‌كه‌مان به‌كۆتا گه‌یشت و رۆژێكمان دانا بۆ ئاهه‌نگی گواستنه‌وه‌، رۆژی هه‌ینی بوو له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2008 دا، كه‌ بۆ مانگی هه‌نگوینی بڕیارماندا بچینه‌ سه‌یرانگه‌ی شه‌قڵاوه‌، دوای ته‌واوبوونی وێنه‌گرتن و ئاهه‌نگه‌كه‌مان چووینه‌ سه‌یرانگه‌كه‌، ئه‌وه‌ی من بینیم و به‌سه‌رمدا هات هه‌رگیز به‌ خه‌ویش شتی وام نه‌بینیبوو. (كاروان) له‌گه‌ڵ چوونه‌ ژووره‌وه‌مان بۆ ژووره‌كه‌ وتی: نه‌ورۆز ئه‌مشه‌و به‌ته‌مای هیچ نه‌بیت، چونكه‌ من ته‌ندروستیم باش نییه‌. منیش زۆر به‌ئاسایم وه‌رگرت. بۆ به‌یانی (كاروان) زۆر بێتاقه‌ت بوو نه‌مده‌زانی بۆچی بێتاقه‌ته‌؟ لێم پرسی، هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دامه‌وه‌، دووباره‌ بۆ شه‌وی داهاتوو هه‌مان شتی پێووتمه‌وه‌، به‌ڵام بۆ به‌یانییه‌كه‌ی وتی: – گوێ بگره‌، ناتوانم هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ژن و مێردایه‌تی ئه‌نجام بده‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌ندروستیم هیچ باش نییه‌، وتم: باشه‌ چیته‌ با بچین بۆ لای پزیشك، وتی: قه‌ینا پێویست ناكات، به‌ هه‌رحاڵ ئه‌و رۆژه‌شمان تێپه‌ڕاند، بۆ شه‌وی داهاتوو دانیشتبووین خه‌ریكی چا خواردنه‌وه‌ بووین ئه‌وه‌نده‌م زانی په‌رداخه‌كه‌ی خسته‌ خواره‌وه‌ و هاواری كرد و وتی: – بڕۆ ده‌ره‌وه‌، پێموت به‌و شه‌وه‌ بۆ كوێ بڕۆم چی بووه‌ چیم كردووه‌؟ هه‌ر پێیداگرت كه‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، منیش ترسام و چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، نه‌مده‌زانی چی بكه‌م؟ بۆیه‌ ته‌له‌فۆنم بۆ باجیه‌كه‌م كردو پێموت، باجیه‌كه‌م وتی: – كه‌مێك ئارام بگره‌ باش ده‌بێت. پاش نیو كاتژمێر له‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌مدا، ده‌رگاكه‌ی بۆ كردمه‌وه‌ و هیچ قسه‌ی نه‌كرد، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌. بینیم دوو سێ حه‌بی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌یخوات، داوای ئاوی كرد و ئاوه‌كه‌م پێدا، پاش چاره‌كێك به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌ بكات خه‌وی لێكه‌وت، هه‌ر ئه‌و كاته‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ كاروان نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو رۆژه‌ حه‌بی نه‌خواردووه‌، بۆیه‌ تووشی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بووه‌. بۆ به‌یانی داواملێكرد كه‌ بڕۆینه‌وه‌، باش بوو به‌قسه‌ی كردم، به‌ڵام داوای لێبوردنی كرد بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه‌ و وتی تكات لێده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر پرسیاریان كرد بڵێ هه‌موو شتێك ته‌واو بووه‌. كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ هیچ كه‌س پرسیارێكی لێنه‌كردین، به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو، به‌م جۆره‌ بۆماوه‌ی (7) مانگ ژیانمان گوزه‌راند دوای چه‌ندین شه‌ڕ و ناخۆشی، كاتێك كه‌ به‌ ماڵی باوكیمان ده‌وت، ده‌یانووت هیچ نییه‌ خۆی هه‌روا تووڕه‌یه‌. كوڕه‌ بابه‌ چی تووڕه‌یه‌! به‌هه‌رحاڵ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێم كرد تا رۆژێك خه‌ریكی چێشت لێنان بووم له‌ چێشتخانه‌ په‌لاماری دام و زۆری لێدام، به‌په‌له‌ له‌ژێر ده‌ستی رامكرد، بۆیه‌ چوومه‌وه‌ بۆ ماڵی باوكم و ئه‌مه‌م به‌ باوكم وت، باجیه‌كه‌م وتی: خۆم قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م، كاتێك پێی وتبوو، له‌ وه‌ڵامدا وتبووی هیچ نییه‌ كه‌مێك باری ده‌روونم تێكچووبوو، كه‌ ئه‌مه‌م بیست وتم ده‌بێت له‌گه‌ڵمدا بێیت بۆلای پزیشكی ده‌روونی. ئه‌و رۆژه‌ی چووین بۆ لای پزیشك زۆر ئاسایی وه‌ریگرت و هات له‌گه‌ڵمدا، كه‌ چووین بینیم چه‌ندین راپۆرتی دیكه‌ی بۆ پزیشكه‌كه‌ هێنابوو، پزیشكه‌كه‌ پێیوتم: ئه‌م كوڕه‌ نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌، چۆن ئاگادار نیت؟ كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ته‌له‌فۆنم بۆ باجیه‌كه‌م كرد و وتم ئه‌مه‌ نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه‌ بۆ پێتنه‌وتم؟ پێیووتم: -پزیشكه‌كه‌ درۆ ده‌كات هه‌ر جار جاره‌ وای لێدیت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م به‌ گرنگ وه‌رگرت و داوای جیابوونه‌وه‌م كرد، ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ پێموت تووشی حاڵه‌تێك بوو خه‌ریك بوو بمرێت، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ترسام، چونكه‌ ماڵی باوكی هیچ گرنگیان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌ئه‌دا و به‌ لایانه‌وه‌ ئاسایی بوو. هه‌ربۆیه‌ كه‌ وتم جیا ده‌بمه‌وه‌ نه‌یانهێشت وتیان: ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ كوڕه‌كه‌مان باری ده‌روونی ئاڵۆز ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی رزگارم بێت له‌ ده‌ستی، داوای جیابوونه‌وه‌م كرد و لێی جیابوومه‌وه‌. كاتێك پێمووتن كه‌ ئه‌وه‌ حاڵی كوڕه‌كه‌تانه‌ باشه‌ بۆچی ژنی بۆ ده‌هێنن؟ له‌ وه‌ڵامدا وتیان: وتومانه‌ ئه‌گه‌ر ژنی بۆ بهێنین له‌وانه‌یه‌ چاك بێته‌وه‌، نه‌مانزانیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ خراپ ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه‌ پزیشك پێیووتبوو ئه‌گه‌ر ده‌رمان بخۆیت تووشی نه‌زۆكیت ده‌كات و منداڵتان نابێت، به‌ڵام پزیشك بێ ئاگابوو له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر به‌ كچێنی كۆتایی به‌ ژیانی هاوسه‌ریمان ده‌هێنین.
————————

 

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s