له‌ یەکەم شه‌وی به‌یه‌كگه‌یشتنیاندا به‌یه‌كه‌وه‌ مردن

Image

وه‌ك یادكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ گیانی ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕین، كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییدا، له‌ ‌ساته‌ هه‌ستیاره‌كانی ژیانی هاوبه‌شدا، دڵیان شكاو، مه‌رگ رێگه‌ی پێنه‌دان خه‌ونه‌كانیان بێته‌دی، له‌م به‌دواداچوونه‌دا به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ سه‌ربورده‌ی تاڵی ئه‌و ساته‌ پڕ له‌ حه‌سره‌ته‌یان ده‌گێڕنه‌وه‌.

به‌یه‌كه‌وه‌ مردن

له‌ شه‌وێكی باراناویداو له‌ شارۆچكه‌ی حاجیاوا، هه‌واڵی مردنی دوو خۆشه‌ویست له‌ یه‌كه‌م شه‌وی به‌یه‌كگه‌یشتنیاندا، دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستانی هه‌ژاند، چیرۆكی مردنی ئه‌و دوو خۆشه‌ویسته‌ تراژیدیا بوو، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی زۆر له‌چاوه‌ڕوانی شه‌وی هه‌نگوینیدا بوون، ئه‌وشه‌وه‌ به‌هۆی گازی سۆپاكه‌ی ژووره‌وه‌یان ژه‌هراوی بوون، بێئه‌وه‌ی كه‌س پێیانبزانێت، به‌ئه‌سپایی له‌ ئامێزی یه‌كتردا خنكان.

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دواتر، باوكی كوڕه‌كه‌ كاتێك ویستی سه‌ردانی كوڕو بوكه‌كه‌ی بكات و، له‌چاوه‌كانیاندا شادمانی و دڵخۆشی ئه‌و جووته‌ خۆشه‌ویسته‌ بخوێنێته‌وه‌ به‌بۆنه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتنیان، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك له‌ده‌رگا ده‌دات كه‌س لێی ناكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ گومانه‌وه‌، به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك له‌خزمه‌كانی، ده‌رگای ژووره‌كه‌ ده‌شكێنن، ئیتر به‌ چوونه‌ژووره‌وه‌یان كاره‌ساته‌كه‌ ده‌بینن، له‌نزیكه‌وه‌ دیمه‌نی لاشه‌ی بێگیانی ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ به‌دیده‌كه‌ن، له‌وكاته‌دا باوكی زاوا له‌ هۆش خۆی ده‌چێت، دوای گه‌یشتنی دوو ته‌رمه‌كه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ پشكنینی پزیشكیدا ڕوونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ به‌هۆی نه‌مانی ئۆكسجین و بڵاوبونه‌وه‌ی گازی سۆپای ژووره‌كه‌یان خنكاون و، شه‌ش سه‌عات پێشتر گیانیان سپاردووه‌، دواتر ته‌رمی ئه‌و دوو عاشقه‌ ناكامه‌ له‌ته‌نیشت یه‌كتر ده‌نێژرێن، بۆ تاهه‌تایه‌ چیرۆكه‌كه‌یان له‌سه‌ر زاری دانیشتوانی بیتوێن و پشده‌ر ده‌مێنێته‌وه‌.

مانه‌وه‌ی یه‌كێكیان

ئه‌وه‌ی له‌ روداوه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا خرایه‌ڕوو، كوژانه‌وه‌ی مۆمی ته‌مه‌نی هه‌ردوو لایه‌نی ژن و پیاوه‌كه‌ بوو، به‌رله‌وه‌ی چێژ له‌ ژیانی هاوسه‌رێتی وه‌ربگرن، به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند رووداوێكی تر ده‌خه‌ینه‌ روو، كه‌ تیایاندا ته‌نها یه‌كێكیان بۆته‌ قوربانی و، لایه‌نی به‌رامبه‌ری له‌ دنیایه‌ك خه‌م و ئازاردا جێهێشتووه‌.

(ك) كچێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵی دانیشتووی رانیه‌یه‌، وه‌ك خۆی باسیكرد، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ كوڕێكی هاوته‌مه‌نی خۆیدا په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی دروستكردووه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كتردا راستگۆ بوون، دواجار دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كوڕه‌كه‌ هاتۆته‌ داوای و ماره‌یكردووه‌، به‌ڵام دواجار رۆژگار دژی خواستی ئه‌و دوو گه‌نجه‌ ده‌سوڕێ، له‌كاتێكدا ته‌نها دوو رۆژی مابوو بچنه‌ كه‌ژاوه‌ی زێڕینی هاوسه‌رییه‌وه‌، له‌ رووداوێكی هاتوچۆدا كوڕه‌كه‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات، جیهانێك خه‌م و ئازاری دووری بۆ (ك) جێده‌هێڵێت.

(ك)، كه‌ له‌كاتی قسه‌كردنیدا، خۆی بۆ نه‌گیرا و ده‌ستیكرد به‌ گریان، بۆ (خه‌ندان) وتی: “به‌مردنی ده‌زگیرانه‌كه‌م رۆژگار دڵی شكاندم، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانمدا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م، هێشتا یادی ئه‌و ئێواره‌ په‌مه‌ییانه‌ له‌ زه‌ینمدا كاڵنه‌بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌جووت پیاسه‌مان ده‌كرد، پڕۆژه‌ی جوان جوانمان بۆ ژیانی داهاتوومان داده‌نا، ئه‌وكاتانه‌ شیرین بوون و، هه‌میشه‌ به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌”.

سێ ڕۆژ به‌ر له‌ بوكێنی مرد

محه‌مه‌د گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 22 ساڵی دانیشتووی شارۆچكه‌ی حاجیاوایه‌، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌كاتێكدا ته‌واوی پێداویستییه‌كانی ئاماده‌كردبوو بۆئه‌وه‌ی له‌ئاهه‌نگێكی شایسته‌دا زه‌ماوه‌ندی به‌یه‌كگه‌یشتنی خۆی و ده‌زگیرانه‌كه‌ی سازبكات، له‌ پێشهاتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا، هه‌واڵی له‌ دنیاده‌رچوونی ده‌زگیرانه‌كه‌ی پێڕاده‌گه‌یه‌نن، كه‌ هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت: “ئه‌و هه‌واڵه‌ وه‌ك بروسكه‌ دای له‌دڵم”.

محه‌مه‌د به‌ده‌م داگیرسانی جگه‌ره‌یه‌كه‌وه‌، وتی: “ده‌زگیرانه‌كه‌م پێش مردنی ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نه‌خۆش بوو، به‌ڵام پێیوابوو كه‌ من بۆی ده‌بمه‌ شیفا و، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بینه‌ هاوسه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی نامێنێت، ئاواته‌كه‌ی نه‌هاته‌دی، نه‌خۆشییه‌كه‌ وازی لێنه‌هێنا تا ئۆغری كرد، ئه‌مه‌ ناخۆشترین رووداو بوو له‌ژیانمدا، له‌ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی، هێنده‌ش كاریگه‌ری به‌سه‌رمه‌وه‌ جێهێشتووه‌ كه‌ تائێستاش فرمێسك له‌چاوه‌كانم وشك نه‌بووه‌”.

مردنی دۆسته‌كه‌ی، شێتیكرد

كارزان گه‌نجێكی ته‌مه‌ن سه‌روو 30 ساڵی دانیشتووی سنووری قه‌زای پشده‌ره‌، ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ به‌هۆی كۆچی دوایی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌ عه‌قڵی له‌ ده‌ستداوه‌، وه‌ك كه‌سێكی نزیكی بنه‌ماڵه‌كه‌ی باسیكرد، ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ ته‌مه‌نی 25 ساڵیدا كچێكی خۆشویستووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان ماوه‌ی چوار ساڵی خایاندووه‌، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌براكانی كچه‌كه‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌زانێت، خوشكه‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌مێكی زۆر له‌ ناخ و ده‌روونی كارزان كۆببێته‌وه‌ و دواجار شێت ببێت.

هه‌رچه‌نده‌ كارزان عه‌قڵی له‌ده‌ستداوه‌ و، له‌ئێستادا به‌هیچ جۆرێك له‌خه‌مه‌كانی رۆژگار تێناگات، به‌ڵام هێشتاش ناوه‌ ناوه‌ ده‌چێته‌ گۆڕستان و، سه‌ردانی گۆڕی خۆشه‌ویسته‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، داستانێكه‌ پڕ له‌ تێڕامان و وردبوونه‌وه‌.

 

 

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s